سوودانی بەرەو تاران بەڕێکەوت

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، بە سەردانێکی پێشوەختە ڕاگەیەندراو دەچێتە تاران، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش سەردانەکەی سوودانی بە هەنگاوێکی گرنگ و خێرا لەنێو گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت.

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە، پرسی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی سوودانی و بەرپرسانی باڵای ئێران دەبێت.

هەروەها سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر لە نێو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە وەسف کرد.

هەر لە بارەی سەردانەکەوە محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئاماژەی داوە، سەردانەکەی سوودانی پەیوەندی بە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێرانەوە هەیە، کە ساڵی ڕابردوو سەردانی بەغدای کرد.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە میدیا نزیکەکانی ئێران لە عێراق و لوبنان بڵاویانکردووەتەوە، ناوەرۆکی گفتوگۆکانی سوودانی و بەرپرسانی ئێران، جیا لە گۆڕانکارییەکانی سووریا، پرسی دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیامی ئەمەریکایە بۆ سنووردارکردنی دەستوەردانەکانی ئێران لە دۆخی ناوخۆی سووریا.