سوودانی گەیشتە تاران

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مێهر ئاباد لەلایەن عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لێکرا.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، هاوکات لە بارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن.

هەروەها بەشێک لە میدیاکانی عێراق و لوبنان بڵاویانکردووەتەوە، ناوەرۆکی گفتوگۆکانی سوودانی و بەرپرسانی ئێران، جیا لە گۆڕانکارییەکانی سووریا؛ دۆخی سیاسی و سەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێک دەبێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ گەیاندنی پەیامی ئەمەریکا لە بارەی سنووردارکردنی دەستوەردانەکانی ئێران لە دۆخی ناوخۆی سووریا.