سوودانی: لەگەڵ ئێران گفتوگۆمان لەسەر پێدانی غاز و کارەبا کرد

چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشیکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "سەردانەکەم بۆ تاران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانمانە."

ئاماژەی بەوەش دا، "لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران گفتوگۆمان لەسەر پەیوەندیی و چەندین بابەتی جیاواز کرد، هەروەها کۆبوونەوە لەسەر ئاستی وەزارەتەکان لە نێوان هەردوو ولات دەبێت."

سوودانی ڕاشیگەیاند،  "لەگەڵ ئێران گفتوگۆمان لەسەر دابینکردنی غاز و کارەبا بۆ عێراق کرد، هەروەها لەگەڵ ئێران به دواداچوون بۆ پڕۆژە هاوبەشەکان دەکەین، بەتایبەتی کەرتی شەمەندەفەر و نیشتەجێبوون."

سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: "پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران پێویستە، چونکە بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە"، دەشڵێت: "هەڵوێستی عێراق لەسەر ئیدانە کردنی کۆمەڵکوژییەکانی گەلی فەڵەستینی نەگۆڕە، هەروەها پیشێلکارییەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات." 

سوودانی باسی لەوەش کرد، "تاکە رێگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە ڕاگرتنی شەڕيی ئیسرائیلە لە کەرتی غەززە"، گوتیشی: "سەقامگیریی سووریا کلیلی سەقامگیریی ناوچەکەیە."

ئاماژەی بەوەش دا، "داوای چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر له سووریا دەکەین، ڕێز لە ویستیی گەلی سووریا دەگرین لە هەڵبژاردنی سیستەمی سیاسیی حوکمڕانیان"، گوتیشی "عێراق ئامادەی هاوکارییە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیریی لە سووریا، هەروەها زمانی هەڕەشە و بەکارهێنانی دژی ئەو وڵاتە ڕەت دەکەینەوە."