فەرەنسا: بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکەینەوە

جان نوێل بارۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ڕایگەیاند، ئەو سزایانە کە ڕێگرن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و بنیاتنانەوەی سووریا، هەڵدەگرین، هاوکات ئەڵمانیاش هەمان داواکاری هەیە.

چوارشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2025، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ڕایگەیاند: "دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشارد ئەسەد، بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکەینەوە، بەڵام ئەو سزایانە بەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد و دارودەستەکەی سەپێنراون، هەر وەکوو خۆیان دەمێننەوە."

جان نوێل بارۆ گوتیشی: "تەنیا ئەو سزایانەی ڕێگرن لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و بنیاتنانەوەی سووریا، هەڵدەگرین".

پشووتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە یەکێتی ئەورووپا کردووە سزاکانی سەر سووریا سوک بکرێن.

هەروەها دوێنی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو بە مەبەستی ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هەندێک لە سزاکانی سەر سووریا سوک دەکەین.

ئەمە لەکاتێک دایە، لە ساڵی 2011، بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوویا و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەسەرکوتکردنی ناڕەزاییەکان، یەکێتی ئەورووپا، ئەمەریکا و بەریتانیا سزای قورسیان بەسەر سووریادا سەپاند.