بەڵگەنامەکان: ئەسما ئەسەد بۆ بەرژەوەندیی هەواڵگریی وڵاتێک کاری کردووە
رۆژنامەنووسێکی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد چەند بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی ئەو وڵاتەی کەوتووەتە دەست، یەک لەو بەڵگانەش باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەسما ئەسەد و ئەفسەرانی باڵای هەواڵگریی بەریتانیا دەکات.
نزار نیوف، ڕۆژنامەنووسە سوورییەکەیە و دەڵێت: سەرۆکی پێشووی سووریا حافز ئەسەد دژی هاوسەرگیریی کوڕەکەی بووە لەگەڵ ئەسما، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیریی کوڕەکەی تا دوای مردنی خۆشی دوا بکەوێت.
نزار نیوف دەڵێت: بەڵگەکان نیشانی دەدەن، حافز ئەسەد بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی سەربازیی عەلی دوبای ڕاسپاردووە بەوەی چاودێریی بەشار ئەسەدی کوڕی بکات ئەو کاتەی لە بەریتانیا خەریکی خوێندن بووە، بۆیە دوبا ساڵی 1992 ڕاپۆرتێکی بۆ حافز ئەسەد ناردووە، تێیدا زانیاریی لەبارەی هەوڵەکانی سەحەر ئەلعەتری، دایکی ئەسما ئاشکرا دەکات بۆ دیدارە نهێنییەکانی بەشار ئەسەد لەگەڵ ئەفسەرێکی هەواڵگریی و هێزی تایبەتی سووپای بەریتانیا.
ساڵی 1992، دوبا ڕاپۆرتێکی بۆ حافز ئەسەد ناردووە، تێیدا باسی وردەکاری دیدارە نهێنییەکانی نێوان بەشار ئەسەد و ئەفسەرێکی هەواڵگریی بەریتانیا دەکات لە لەندەن.
بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست ئەو ڕۆژنامەنووسە سوورییە کەوتووە، وردەکاری زیاتر لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەسما و هەواڵگریی بەریتانیا ئاشکرا بووە بەوەی، ئەسما لەڕێگەی هەواڵگریی بەریتانیاوە کاری لە بانکی(جی بی مۆرگان) لە لەندەن دەستکەوتووە، ئەوەش بە پشتیوانی ئەفسەرێکی ئافرەتی هەواڵگریی بەریتانیا بەناوی(ئەلیزا بۆلێر) کە وای کردووە ئەسما کاری چاودێری وەبەرهێنانی ئاسیای پێ بسپێردرێت لەبواری پیشەسازیی کیمیایی و دەرمان.
بەڵگەکان ئاشکرایان کردووە کە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەواڵگریی سووریا، حافز ئەسەد ترسی لە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەسما و بەشار ئەسەدی کوڕی هەبووە لە لەندەن.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەی سووریا لە ساڵی 1992 ئاشکرای کردووە، شەوە ئاهەنگێکی بچووک لە ماڵی فەواز ئەلئەخرەس بە ئامادەبوونی بەشار ئەسەد ڕێکخراوە کە ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی هەواڵگریی بەریتانیاش تێیدا ئامادەبوون، لە چوارچێوەی شەو ئاهەنگەش، بەریتانییەکان چەند پرسیارێکی تایبەتیان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی سووریا لە بەشار ئەسەد کردووە، لەگەڵ ئەوەش پێیان گوتووە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئاشتی نێوان سووریا و ئیسرائیل بێتە دی.