ئەحمەد ئەلشەرع بەم نزیکانە دەچێتە تورکیا و لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، بەم نزیکانە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا لە یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دەچێتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
چوارشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕۆژنامەی یەنی شەفەق ئاشکرای کردووە، ئەحمەد ئەلشەرع لەو ڕۆژانە دەچێتە تورکیا و لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.
یەکشەممەی ڕابردوو، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا بەسەردانێکی فەرمی چووە دەوحە.
تەلەفزیۆنی سووریا ئەو کاتە بڵاوی کردەوە، شاندێکی سووریا کە پێک هاتوون لە ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئەنەس خەتاب، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتیی گەیشتوونەتە قەتەر.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندبوو "لەم هەفتەیەدا بەنوێنەرایەتیی وڵاتەکەم، سەردانی فەرمیی هەریەک لە قەتەر، ئیمارات و ئوردن دەکەم."
ئاماژەی بەوەش دا "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئەم سەردانانە دەکەین بۆ پشتگیریی لە سەقامگیری، ئاسایش، بوژانەوەی ئابووری و بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێز."
ئەو سەردانە دیپلۆماسیانەی حکوومەتی کاتی و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی لە سووریا دەستییان پێکردووە، سەردانی ئەحمەد ئەلشەرعیش وەک سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە، دەبێتە یەکەم سەردانی دیپلۆماسیی حکوومەتی سووریا بۆ وڵاتانی دەرەوە کە هێشتا سەقامگیریی بەشێوەیەکی ڕەها ڕووی لە وڵاتەکە نەکردووە.