ترەمپ نەخشەی نوێی ئەمەریکای بڵاو کردەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی نەخشەیەکی ئەمەریکای بڵاو  کردەوە، تێیدا گرینلاند و کەنەدا بە بەشێک لە ئەمەریکا نیشان دەدات.

ترەمپ مانای ئەو پۆستەی ڕوون نەکردەوە، بەڵام پێشتر دوو وێنەی بڵاو کردەوە، نەخشەی ئەمەریکا پیشان دەدات کە کەنەدا بەشێکە لێی.

ترەمپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی Truth Social لەسەر یەکێک لەو وێنانەی نەخشەی یەکگرتووی ئەمەریکا و دراوسێی باکووری پێکەوە لە ژێر ئاڵای ئەمەریکادا پیشان دەدات و دەڵێت: "ئەی کەنەدا".

لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2024، ترەمپ گوتی "زۆر گرنگە ئەمەریکا خاوەنی گرینلاند بێت.

هەر لەو ڕۆژەدا، مۆتی بۆروپ ئێگێدێ، سەرۆک وەزیرانی گرینلاند، وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند "گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە و هەرگیز نافرۆشرێت."

هەروەها ترەمپ گوتی: "زۆرێک لە خەڵکی کەنەدا حەز دەکەن ببنە 51ەمین ویلایەتی ئەمەریکا."

ئاماژەی بەوەش کرد "یەکخستنی هەردوو وڵات دەبێتە هۆی نەهێشتنی باجی بازرگانی و کەمکردنەوەی باج و گەرەنتی ئاسایشی تەواوەتی ئۆتاوا لە هەڕەشە گوماناوییەکانی کەشتییە ڕووسی و چینییەکان."

ترەمپ، پێشتریش نیازی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کەناڵی پەنەما و کڕینی دوورگەی گرینلاند لە دانیمارک ڕاگەیاندبوو.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕیچارد جۆنسن، پسپۆڕی کاروباری ئەمەریکا لە زانکۆی کوین مەری لە لەندەن، گوتی: دۆناڵد ترەمپ ئامانجەکانی خۆی بە ڕێکەوت هەڵنەبژاردووە هەموو ئەم بوارانە پەیوەندییان بە ئەولەویەتەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوەوە هەیە لە گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتیدا ."

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment