بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان: بڕی ئاوی پێویست لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان گلدراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، مەترسی لەسەر کەمیی ئاو لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان نییە و رێژەی پێویست ئاویان تێدایە.

پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت : "بەراورد بەساڵی ڕابردوو رێژەی باران  لە هەرێمی کوردستان کەمترە، بە تایبەتی لە پارێزگای دهۆک. بەڵام هەرسێ بەنداوە گەورەکەی دووکان و دەربەندیخان و دهۆک، بڕی پێویست ئاوییان تێدایە."

ڕەحمان خانی، هێمای بۆ ئەوە کرد"لە مانگەکانی، 2-3-4، چاوەڕێی بارانی زیاتر دەکەین و دەتوانین بڕی پێویست لە بەنداوەکان گلبدەینەوە."

ئەمساڵ، لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی باران کەمترە، ئەمەش نیگەرانی و بێتاقەتی لای جووتیاران و بەشێک لە هاوڵاتییان دروست کردووە.