بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە: ئاگادار بن بە ڤیزەی ساڵی نەچنە حەج

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق کۆبوونەوە و بڕیاریان دا ڕێکارەکانی چوونە حەجی هاوڵاتیان بە ڤیزای ساڵ، توندتر بکرێت.

پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دوێنێ بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق کۆبوونەوە، لەسەر دوایین ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، گفتوگۆیان کرد و ڕایان گەیاند کە هەماهەنگییەکی زۆرباش لەڕووی دابینکردنی پاس و هەموو پێداویستییەکانی دیکە، لە نێوان هەردوولادا هەیە."

کاروان ستوونی، گوتیشی: "تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەی نێوان هەردوولا، چوونی ئەو هاوڵاتییانەیە بۆ بەجێ هێنانی فەریزەی حەج بە ڤیزەی ساڵ؛ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ ڕێکارەکان توندتر دەکرێن."

کاروان ستوونی باسی لەوەش کرد "ئامادەکارییەکان بەردەوامن و لەماوەیەکی نزیکدا پشکنینی پزیشکی بۆ هەموو ئەو هاوڵاتییانە دەکرێت کە ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ گەڕاوەتەوە."