سەرچاوەی بوومەلەرزەکەی سۆران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بووە
بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە هێزی 4.3 پلەی ڕێختەر، شارۆچکەی عەجەب شێری لە ڕۆژهەڵاتی ورمێ هەژاندووە و لە چەند ناوچەیەکی دیکەش هەستی پێکراوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندەی بوومەلەرزەزانی زانکۆی تاران، بوومەلەرزەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2025، هێزەکەی 4.3 پلەی ڕێختەر و چەقەکەشی قوڵایی دەریاچەی ورمێ بووە.
هەروەها ئەمیر عەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە، بوولەرزەکە شارۆچکەی عەجەب شێری گرتووەتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش هەستی پێکراوە.
ڕاشیگەیاندووە، هەرچەندە هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە، بەڵام سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانیی سنووری پارێزگای ورمێ لە شارۆچکەکەکانی نەغەدە، مێندواب و سەنتەری ورمێ خراونەتە ئامادە باشی.
هاوکات لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دانیشتووانی سەنتەری شارۆچکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەستیان بە بوومەلەرزە کردبوو، هەرچەندە هیچ زیانێک تۆمارنەکراوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد بوو.