ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ دادگای دەکرێت
دادگای باڵای ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە هەوڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکای لە کۆتا خولەکدا ڕەت کردەوە بۆ ڕاگرتنی سزاکانی لە دۆسیەی کڕینی بێدەنگی ئەستێرەی پۆرن ستۆرمی دانیێڵز.
دادگای باڵای ئەمەریکا بە دەنگی پێنج بەرامبەر چوار، داوای بەپەلەی ترەمپی ڕەت کردەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارەی کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت، ئەمەش 10 ڕۆژ پێش گەڕانەوەیەتی بۆ کۆشکی سپی.
هەروەها ترەمپ لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆی، Truth Social نووسیویەتی: "من بێتاوانم لە هەموو ئەو تۆمەتە درۆینانەی کە دادوەر هەڵی بەستووە"، ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام دەبێت لە تانەدان لە دۆسیەکە.
ترەمپ هێرشی کردە سەر دادوەر خوان مێرشان و بە "سیاسی و گەندەڵ" ناوی برد.
پارێزەرانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە داوایان لە دادگای باڵای ئەمەریکا کرد، بەشێوەیەکی بەپەلە ڕێوشوێنەکە ڕابگرێت. بەڵام دادگا ڕەتی کردەوە.
لە 30ـی ئایاردا، دەستەی سوێندخۆرانی نیویۆرک، بە 34 تۆمەتیان خستووەتە پاڵ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، کە یەکێک لەو تۆمەتانە پارەدان بووە بۆ بێدەنگ کردنی ئەکتەری پۆرن ستۆرمی دانیێڵز، بۆ شاردنەوەی پەیوەندییەکەیان.
دادوەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ترەمپ دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی ڤیدیۆوە لە دانیشتنەکەدا ئامادە بێت، کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 10ـی کانوونی دووەم بەڕێوە بچێت.