سوودانی بۆ تاران: هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە لە عێراق دەمێننەوە
هەڵوێستی ئێران نەرێنیی بووە
سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاند، بەغدا تارانی ئاگادار کردووەتەوە لە بڕیارەکەی دەربارەی دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، کە بڕیاربوو لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگەدار بە ڕۆژنامەی 'عەین نیوز'یان ڕاگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سێیەمین سەردانیدا بۆ تارانی پایتەختی ئێران، ئەم پەیامەی پێ ڕاگەیاندوون.
سەرچاوەیەکی دیکەی عێراقی کە یاوەری شاندی سوودانی بووە لە سەردانەکەیدا بۆ تاران گوتی: "سوودانی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمار و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، چەندین بەرپرسی دیکە کۆبووەتەوە و چەند بابەتێکی لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی ئێران تاوتوێ کردووە، دیارترینیان پرسی دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بووە لە عێراق، کە داوای لە تاران کرد کار بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکان بکات لەم قۆناغەدا.
سەرچاوە عێراقیەکە ئاشکراشی کرد، سوودانی پزیشکیان و عەلی خامنەیی، ئاگادار کردۆتەوە، کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەهۆی دۆخ و پێشهاتەکانی سووریا، لانیکەم بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوادەی دیاریکراوی خۆیان دوادەخرێن."
سەبارەت بەو بڕیارە سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "دۆخی سووریا جێگیر نییە، چوبکە ڕەنگە ڕووبەڕبوونەوەی چەکداریی پەرە بسەنێت، ئەمەش لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە کاریگەریی لەسەر بەغدا دەبێت، بۆیە پێویستە هێزەکانی ئەمەریکا لەم قۆناغەدا بمێننەوە"، کە بڕیارە لە ئەیلوولی 2025 بکشێنەوە.
وەڵامی ئێران بۆ سوودانی چی بووە؟
سەرچاوەکە لەوبارەوە گوتی: "خامنەیی ناڕازییە لە پێشنیازەکەی سوودانی، ئەمەش وای لێکرد کە بەیاننامەیەک سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ سوودانی بڵاوبکاتەوە کە تیایدا هێزەکانی ئەمەریکای بە 'داگیرکار' ناوبرد، هەروەها داوای بەهێزکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد لە قۆناغی داهاتوودا و نابێت هەڵوەبوەشێندرێتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکە باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا، "خامنەیی سوودانی ئاگادار کردەوە، کە ئێران دژایەتی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات و بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانی شیعە"، دەشڵێت، "خامنەیی داواشی لە سوودانی کردووە ئایا گەرەنتی لەلایەن ئەمەریکاوە پێدراوە بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئاسمانی عێراق بۆ لێدانی ئێران یان سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکان بەکارنەهێنێت."
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، "سوودانی لە هەڵوێستەکانی ئێران ناڕازی بووە، دوای ئەوەی لە دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ئاگاداری کردوونەوە."
ڕۆژی چوارشەممە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران ڕایگەیاند، بوونی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق "نایاساییە"، داواشی لە بەغدا کرد دژی "داگیرکاری ئەمەریکا" بوەستێتەوە.