کرملین: پوتین ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە
ئەمڕۆ هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، کرملین ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بەبێ مەرجی پێشوەختە قسە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند بوو، خۆی بۆ دیداری سەرۆکی ڕووسیا ئامادە دەکات، بۆ "کۆتاییهێنان بە" شەڕی ئۆکرانیا.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سەرۆک پوتین چەندانجار ئامادەیی خۆی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان دەربڕیوە، لەنێویاندا سەرۆکی ئەمەریکا، بەتایبەتیش دۆناڵد ترەمپ."
هەروەها گوتیشی: "پوتین ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە بۆ چارەکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە."
درەنگانی شەوی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، خۆی بۆ دیداری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئامادە دەکات، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.
دۆناڵد ترەمپ، لە 20ـی کانوونی دووەمی ئەم مانگە دەستبەکار دەبێت، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنیدا "لە ماوەی 24 کاتژمێردا" کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت و داوای "دەستبەجێ ئاگربەست" و گفتوگۆی کرد.