ئەمەریکا بڕیاری سزادانی بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەر دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە پێناو پارێزگاری لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دەنگیان بە پرۆژە یاسایەک دا کە تایبەتە بە سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

لە دژی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی، ئەنجوومەنی نوێی نوێنەرانی ئەمەریکا بەرە بەیانی ئەمڕۆی هەینی پرۆژە یاساییەکان خستە دەنگدان بۆ ئەوەی هەم بەرگری لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بکەن، هەم سزا بەسەر بەرپرسانی دادگا نێودەوڵەتییەکە بسەپێنن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەر، لە کۆی 243 ئەندامی بەشداربووی کۆبوونەوە، 140یان بە بەڵێ دەنگیان بە پرۆژە یاساکە داوە، کە ناوەرۆکەکەی تایبەت بە سزادانی هەرکەسێکی بیانی کە لێکۆڵینەوە لە هاووڵاتییەکی ئەمەریکی یان هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بکات، یاخود بڕیاری دەستگیر و دادگایی کردنیان بۆ دەربکات.

براین ماست، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا گوتی: "پرۆژە یاساکە، وەڵامدانەوەیەکە بۆ بڕیاری دادگاکە، کە دەیەوێت ناتانیاهۆی هاوپەیمانمان دەستگیر بکرێت."

تاوەکوو ئێستاش دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هیچ لێدوانێکی لەسەر پرۆژە یاساکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نەداوە.

هاوکات ئەمە دەبێتە یەکەم پرۆژە یاسا لە خولی نوێ ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت.

هەروەها بە گوێرەی بڕیاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، هەر یەک لە ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیلیان دەرکردبوو، بەهۆی شەڕی ‌‌غەززەوە.

 
Fly Erbil Advertisment