فیدان: نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستێوەردان لە سووریا بکات
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: ''پێویستە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەستێوەردان نەکات و دەرفەت بە دەسەڵاتی ئێستای سووریا بدات لەبارەی چؤنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ئەو وڵاتە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەشی کرد، تورکیا کارنامەی ئیدارەی نوێی سووریا دەزانێت، کە دەیانەوێت کۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆر بێنن، کە یەپەگە لەو وڵاتە دروستی کردووە.
گوتیشی: ''ئەگەر دەسەڵاتی سووریا بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، ئەوە تورکیا کاردانەوەی دەبێت.''
هاکان فیدان، لەبارەی مەترسی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا گوتی: ''بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سووریا، پێشبینی هیچ کێشەیەک لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین، هەرچەندە ئەوان پشتگیری لە یەپەگە دەکەن."
لەبارەی ڕووسیاوە، فیدان گوتی: "ڕووسیا بڕیارێکی ژیرانەی دا، لە کاتی هێرشی گرووپە ئۆپۆسزیۆنەکانی سووریا بۆ سەر دیمەشق، پشتیوانی ڕژێمی ئەسەدی نەکرد."
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، تورکیا داوا دەکات هێز کوردییەکان دەبێت چەک بکرێن و چەکدارە بیانییەکانیش دەربکرێن.