مەزڵوم عەبدی داوا لە ترەمپ دەکات هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا نەکشێنێتەوە

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، داوا لە سەرۆکی هەڵبژێدراوی ئەمەریکا دەکات کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا نەکشێنێتەوە و دەڵێت: بە کشانەوەی ئەو هێزانە یان داعش سەرهەڵدەداتەوە یان دەبێتە هۆی بەرپابوونی شەڕی ناوخۆ.
ئەمڕۆ هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردییەنی بەریتانی چاوپێکەوتنێکی ئەنجام دا.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا داوایەکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کرد و گوتی: هیوادارام ترەمپ هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نەکشێنێتەوە، چونکە بە کشانەوەی ئەو هێزانە هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش یان بارپابوونی شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، هۆکاری سەرەکی سەقامگیری ناوچەکەیە.
ئاماژەی بەوە کرد، دوای دەستپێکی پێکدادانەکان لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا، چەند ئەندامێکی داعش نەخشەیان داڕشتبوو هێرش بکەنە سەر زیندانەکان و ئەندامەکانیان ڕزگار بکەن.