ناکۆکییەکانی فەرەنسا و ئێران قووڵتر دەبنەوە
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بۆ لێپرسینەوە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کرد و داواشی لە هاووڵاتیانی فەرەنسی کرد گەشتی ئێران نەکەن.
جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد ئەمین نەژاد، باڵیۆزی ئێرانی لە فەرەنسا بانگهێشت کرد بۆ لێپرسینەوە لەبارەی چارەنووس و ئازاد کردنی ئەو هاووڵاتییە فەرەنسیانەی لە ئێران زیندانی کراون.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی: ''بە باڵیۆزی ئێرانمان ڕاگەیاندووە، دەبێت ئەو سێ هاووڵاتییە فەرەنسییەی لە زیندانەکانی ئێراندان، بەبێ مەرج و دەستبەجێ ئازاد بکرێن."
هاوکات جان نوێل بارۆ، هۆشدارییەکی داوەتە هاووڵاتیانی فەرەنسا بۆ ئەوەی گەشتی ئێران نەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاند، بارودۆخی ئەو سێ هاووڵاتییە فەرەنسییەی لە زیندانەکانی ئێران دان، بەرەو خراپتر دەچێت، زانیاریمان هەیە، کە ئەشکەنجە دەدرێن.
لە ساڵی 2022 هێزەکانی ئێران سێ هاووڵاتی فەرەنسیان بە تۆمەتی سیخووری و بەشداربوون لە چالاکییەکانی پشێوی نانەوە لە ئێران دەستگیر کردووە.