جۆو بایدن: پوتین لە بارودۆخێکی خراپدایە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە بارودۆخێکی خراپدایە، دوای ئەوەی واشنتن و لەندەن سزای نوێیان بەسەر کەرتی وزەی ڕووسیادا سەپاند.

بایدن، لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانیشی ڕاگەیاندووە "پوتین، ئێستە لە دۆخێکی سەختدایە، دوای سەپاندنی ئەو سزایەی بەسەر نزیکەی 180کەشتی و کۆمپانیای نەوتی ڕووسیدا درا، بەمەش ئابووریەکەی لاواز بووە و  ناتوانێت چیتر خواستە شەڕەنگێزییەکانی درێژە پێ بدات."
گووتیشی: "ئێستا هەلێکی باشە بۆ ئۆکرانیا تاکوو ئەم جەنگە بباتەوە."

هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "بە مەبەستی کەمکردنەوەی داهاتی ڕووسیا لە کەرتی وزەدا، هەریەکە لە کۆمپانیای گازپرۆم و سورگوتنەفت گاز و 180 کەشتی و دەیان بازرگان و کۆمپانیا دەخرێنە لیستی سزاکانەوە."

ئاشکراشی  کرد "بڕیارە بەریتانیاش لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو دوو کۆمپانیا زەبەلاحە ڕووسییەی بواری نەوت گاز، بەشدار بێت."

لە 27ـی شوباتی 2025ـەوە، دابینکردنی خزمەتگوزاری لە بواری نەوتدا لە خاکی ڕووسیا قەدەغە دەکرێت. لە بەرامبەردا کۆمپانیای گازپرۆم ڕایگەیاند "سزاکانی ئەمەریکا و بەریتانیا نایاسایین."

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment