دانیمارک هێز ڕەوانەی دوورگەی گرینلاند دەکات
میدیا ناوخۆییەکانی دانیمارک بڵاویان کردەوە، حکوومەتی دانیمارک پێشنیاری کڕینی دوو کەشتی نوێی کردووە بۆ پشکنینی جەمسەری باکوور و زیادکردنی ژمارەی گالیسکەی خشۆکی سەر بەفر کە سەگ ڕایان دەکێشيت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی لە گرینلاند، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا چاوی لە دوورگەکە بڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دانیمارک، کەناڵی دی ئاڕ و تیڤی 2 دوێنێ هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕایانگەیاند "حکوومەتی دانیمارک پێشنیاری نوێکردنەوەی فڕۆکەخانەی کانگەرلوسواکی کردووە کە پێشتر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا بووە لە ڕۆژئاوای گرینلاند، بۆ ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 35 تێدا جێگیر بکات."
دانیمارک پێشتر 400 ملیۆن دۆلاری بۆ جێگیرکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوور مەودا لە جەمسەری باکوور و باکووری ئەتڵەسی تەرخان کردووە.
ترەمپ، لەم هەفتەیەدا دووبارە هیوای خواست بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند، کە خاکێکی نیمچە سەربەخۆی جەمسەری باکوورە و سەر بە دانیمارکە، بەڵام سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بە گرنگی دەزانێت بۆ ئاسایشی ئەمەریکا.
ترەمپ، ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی Truth Social لەسەر یەکێک لەو وێنانەی نەخشەی یەکگرتووی ئەمەریکا و کەنەدای پێکەوە لە ژێر ئاڵای ئەمەریکادا پیشان دەدات و دەڵێت: "ئای کەنەدا".
هەروەها ترەمپ گوتی: "زۆر گرنگە ئەمەریکا خاوەنی گرینلاند بێت." هەر لەو ڕۆژەدا، مۆتی بۆروپ ئێگێدی، سەرۆک وەزیرانی گرینلاند، وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند "گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە و هەرگیز نافرۆشرێت."