دابەشکردنی نەوت و غازی ماڵان دەکرێتە کارتی زیرەک

نەوت و غازی ماڵان دەکرێتە کارتی زیرەک، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەین هاوڵاتییان بەنزین بە کۆبۆن و نەوت و غازی ماڵانیش بە کارتی زیرەک، وەربگرن.
شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "بۆ ئەوەی هاوڵاتییان چیتر لەسەر شەقامەکان و لە نۆرەی دوور و درێژدا نەوەستن، ئەمساڵ بە کارتی زیرەک کە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەکار دێت، نەوت و غازی ماڵان دابەش دەکەین."
ئاری کاکەشین، هێمای بۆ ئەوەش کرد "دابەشکردنی کارتەکان لە ڕێگای بریکارەکانی خۆراکەوە دەبێت". ئاری کاکەشین، باسی لەوەش کرد : "لە هەوڵداین دابەشکردنی بەنزین بەشێوەی کۆبون بێت و بۆ ئەم مەبەستەش چەند هەنگاوێکمان ناوە."
چوارشەممە، 8کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە "تاوەکوو ئێستە نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر نزیکەی ملیۆنێک و 248 هەزار خێزان دابەش کراوە، کە دەکاتە ڕێژەی 88% کۆی نەوتی دابەشکراو."