لە ئیدارەی راپەڕین بۆ ماوەی هەفتەیەک پشووی فەرمی راگەیەنرا
بەهۆی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا
K24 – رانیە
بەهۆی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، پشووی فەرمی لەسەرجەم فەرمانگەکان راگەیەنرا و لە سبەیەوە جێبەجێ دەکرێت.
لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی ئیدارەی راپەڕین ئەمشەو بڕیاری دا "بۆماوەی هەفتەیەک لە سەرجەم فەرمانگەکانی سنووری ئیدارەی راپەرین پشوو دەبێت، بڕیارەکە لە سبەی (یەکشەممە، 21-6-2020)ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 26-6-2020 بەردەوام دەبێت".
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دوو ژن بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین گیانیان لەدەستدا، بەمەش کۆی گشتیی ئەوانەی بە کۆرۆنا لە سنوورەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ کەس، هەروەها تاوەکو ئێستا 138 کەس لە راپەڕین تووشی کۆرۆنا بوون.
هـ.ر.