نەرمین مەعرووف: بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، عێراق بیانووی نامێنێت
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بانگهیشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە کردووە و یەکێک لە تەوەرەکان، دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، نوێنەرانی هەرێمی کورستان لە لیژنەکە دەیانەوێت لەم کۆبوونەوەیە بیانووەکانی عێراق ببڕن.
نەرمین مەعرووف ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
گوتیشی: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وا دەکات هەرێم بەشداربێت لە داهاتە فیدڕاڵییەکان، ئەمەش هیچ بیانووەک بۆ بەغدا ناهێڵێت، چونکە یەکێک لە بیانووەکانی بەغدا ئەوەیە، بەشدارنەبوونی هەرێمی کوردستانە لە داهاتی عێراق، ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە، ئەو کات حکوومەتی عێراق نە بیانووی دەمێنێت نە منەت.
سەبارەت کۆتا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، نەرمین مەعرووف، گوتیشی: تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی مانگی 12ـی بە تەواوی نەناردووە، لەسەر ئەم پرسە لیژنەیەک پێک دێت.
هەر ئەمڕۆ شەممە، بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی نا ئاسایی لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەڕێوەچوو، لەکۆتایی کۆبووەنەوەکە چەند بڕیارێک دەرکرا، لەوانە حکوومەتی عێراق دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم ساڵ 2025 بەبێ کەموکوڕی و دواکەوتن بنێرێت، هەروەها بۆ ساڵی داهاتووش (2026)، دەبێت حکوومەتی عێراق بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بنێرێت، وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە.