مەسرور بارزانی: دەمانەوێت ساڵی 2025 خەڵكی ئێمە لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێیدا ڕزگاری بێت

"خەڵكی ئێمە شایستەی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەك هەموو خەڵكی تری عێراق"

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەرکی نوێنەرانی هەرێمەکەیە، بەرگریی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكەکەی بكەن. گوتیشی: "ئەگەر ئێمە یەك هەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بكات كە كوردستان جيددیە لەوەی پێداگیریی لەسەر مافەكانی خۆی دەكات، باوەڕ ناكەم بەغدا بتوانێت خەڵكی كوردستان پەراوێز بخات".

ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا، کە بابەتی سەرەکيی کۆبوونەوە، دابینکردن و داکۆکیکردنە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، کە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و نیشتمانیی هەموومانە، بۆیە بانگهێشتنامەمان ئاراستەی هەموو فراکسیۆنە کورستانییەکان کرد و هیواداربووین هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەشداریيان تێدا کردبا، تاوەکوو پێکەوە بە ئاشکرا و ڕووبەڕوو، گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکان بکەین لەبەر ڕۆشنایيی ڕاستییەکان.

هاوکات سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە، کە ئەرکی نوێنەرانی هەرێمی كوردستانە، بەرگریی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن . هەرچەندە ئێمە جیا لە شایستە داراییەکان، چەندین بابەتی نیشتیمانیی دیکەمان هەیە کە داکۆکی لەسەر بکەین وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور و چارەنوسی ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی كوردستان و ماف وشایستەکانی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال وهەڵەبجە و قوربانیانی دەستی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو و خاپوورکردنی 4500 گوندی کوردستان، کە دەستووری عێراق بە دەقی ئاشکرا بڕیاری ئەم قەرەبووانەی داوە، کە ناكرێ ئێمە هەموو كێشە و داواکانی خۆمان لە بابەتی مووچەدا كورت بكەینەوە کە بە داخەوە بەغدا توانیویەتی كێشەكانی ئێمە بچووك بكاتەوە و سەرقاڵمان بكات بەوەی مانگانە مووچەی خەڵكی كوردستان دەدرێ یان نا.

مەسرور بارزانی گوتیشی: ئەم كۆبوونەوەیەی ئێمە گرنگە و ئەگەر ئێمە یەكهەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بكات كە كوردستان جيددیە لەوەی پێداگیریی لەسەر مافەكانی خۆی دەكات، باوەڕ ناكەم بەغدا بتوانێت خەڵكی كوردستان پەراوێز بخات و ئەم داواكارییانەی كوردستان نادیدە بگرێ. بۆیە ئێمە نابێ بكەوینە ژێر كاریگەریی سیاسەتێكی نادروست كە ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بچووك بكاتەوە و مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بکات.

جەختی لەوەش کردەوە، بە داخەوە ئەو ڕەفتارەی ئێستا بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، مامەڵەی فیدڕاڵیەت و قەوارەیەكی فیدڕاڵی نییە، چونکە لەگەڵ پارێزگایەكیش بەم شێوەیە مامەڵە ناكەن کە لەگەڵ هەرێم دەیکەن، بۆیە ئەم ڕەفتارەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، ڕەفتارێكی نادادپەروەرانەیە و دژ بە دەستووری عێراقە و ناگونجێت لەگەڵ سیستمی فیدڕاڵیی و قەبووڵكراویش نییە.

سەرۆک وەزیران، دەڵێت: "ئێمە دەبێت ئەم پەیوەندییە ڕاست بكەینەوە، دەستوورێكمان هەیە دەبێت پێوەی پابەند بین و ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگیرێت. زۆرجار بەغدا ئێمە دەباتە بەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، بە حیساب بڕیاری ئەم دادگایە بەهێزترە لەوەی هەندێك هەنگاو لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگیرێتە بەر، بەڵام بینیمان كە مامەڵەكردنیش لەگەڵ دادگای فیدڕاڵی بە میزاجە. كەی لە بەرژەوەندیی ئەوان بوو هەمیشە پەنایان بۆ بردووە، بەڵام کە دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دابێت، پەراوێزیان خستووە."

هەروەها دووپاتی کردەوە، کە ئێستا ئێمە دەمانەوێ ساڵی 2025 خەڵكی ئێمە لەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەدا ڕزگاری ببێت، چونکە شایستەی ئەوە نییە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. خەڵكی ئێمە شایستەی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەك هەموو خەڵكی تری عێراق. مووچە و شایستە داراییەکانی پێ بدرێت. ئێمە داوای یەكسانی و مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەكەین و داوا دەكەین پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست بكرێت.

لە کۆبوونەوەدا بڕیار درا:

یەکەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن . بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارە بکرێت.

دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیازکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی.

سێیەم: لە ئێستاوە کار بکرێت بە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەریی لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی  بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.