توێژینەوەیەک: ڕۆژانە خواردنەوەی یەک کوپ شیر مەترسیی نەخۆشی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، دەریخستووە خواردنەوەی پەرداخێکی گەورە شیر لە ڕۆژێکدا، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بە ڕێژەی 20% کەم دەکاتەوە.

ڕۆژنامەی ' زە گاردیان'ـی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجامی توێژینەوەکە دەری خستووە، هەر 300 میلی گرامێکی کالسیۆم لە ڕۆژێکدا کە دەکاتە نیو لیتر شیر، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکە بە رێژەی 17% کەمتر دەکاتەوە.

لە توێژینەوەکەدا، ئاماژەی بەوەش کراوە، سەرچاوەکانی کالسیۆم کە شیرەمەنی نین وەک شیری سۆیا، سوودی هاوشێوەیان هەیە. 

نووسەری توێژینەوەکە و پسپۆڕی خۆراک لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کێرین پاپییر دەڵێت: "ئەم توێژینەوەیە بەڵگەی بەهێز دەخاتە ڕوو کە بەرهەمە شیرەمەنییەکان یارمەتیدەرن بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی قۆڵۆن بەهۆی ئەو کالسیۆمەی کە تێدایە. کالسیۆم، چ لە شیرەمەنی بێت یان لە سەرچاوەکانی دیکە، پێکهاتەی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشیەکە."

پاپییر ڕوونی کردەوە "ئێمە لەو باوەڕەداین کە کالسیۆم دەتوانێت ڕێگریی لە شێرپەنجەی کۆلۆن بکات."

شێرپەنجەی ڕیخۆڵە سێیەم بەربڵاوترین شێرپەنجەیە لە جیهاندا، کە ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن کەس تووشی ئەو نەخۆشیە دەبێت و یەک ملیۆن کەسیش بە هۆی ئەو جۆرە شێرپەنجەیەوە دەمرن.

پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2040 ژمارەی تووشبووان بگاتە 3.2 ملیۆن کەس و 1.6 ملیۆن کەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە بمرن، بەتایبەتی لە وڵاتانی دەوڵەمەند.

 سەرەڕای ئامارە ترسناکەکان، توێژینەوەکان دەری دەخەن، زیاتر لە نیوەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە، دەتوانرێت لە ڕێگەی خۆراک و شێوازی ژیان ڕێگری لێ بکرێت.

ئەم گۆڕانکاریانە بریتین لە پاراستنی کێشێکی تەندروست، خواردنی ڕیشاڵیی زیاتر، چالاکی جەستەیی و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.

توێژینەوەکە، بەرنامەی خۆراکی زیاتر لە 540 هەزار ئافرەتی لە ماوەی 17 ساڵدا لەخۆگرتووە، پشتڕاستی کردەوە کە کالسیۆم دەتوانێت ڕێگریی لە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بکات، بەڵام گۆشتی سوور یان خواردنی دەستکردەکان مەترسیەکە زیاد دەکات.