بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر: 315 هەزار و 224 مەتر دووجا زەویمان لە مین پاک کردووەتەوە

یەکشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2025، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە سۆران ئامارەکانی چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی دەزگاکەی خستە ڕوو، هەروەها باسی لە جێبەجێ کردنی بەرنامەیەک کرد بۆ هۆشیار کردنەوەی گوندنشینان و قوتابخانەکانی نزیک لە کێڵگە مینەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین، گوتی: "لە سنووری پارێزگای هەولێر، تیمەکانی مینهەڵگرەوە لە ساڵی 2024دا، ڕووبەری 315 هەزار و 224 مەتر دووجا زەوییان لە مین پاک کردووەتەوە، هەروەها 24 هەزار و 745 مەتر دووجای دیکە بۆ دیاری کردنی شوێنی مینەکان پشکنراوە."

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مینەکان، عەلی عەبدولڕەحمان ڕایگەیاند "هەزار و 519 مینی دژە کەسی و هەشت مینی دژە تانک، دوو بۆمبی چێنراوە هەڵوشێنراوەتەوە."

هەروەها گوتیشی: "12 هەزار و 927 پاشماوەی تەقەمەنی هەڵگیراونەتەوە، 8 کێڵگەش بە ڕووبەری 650 هەزار و 670 مەتر دووجا دوای پاککردنەوە دراونەتەوە خاوەنەکانیان."

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment