ئایا سیمپسۆنەکان پێشبینیی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسیان کردبوو؟

پێگەی ئەلیکترۆنی تەلەگراف، ڕاپۆرتێکی سەیری دەربارەی پێشبینییەکانی زنجیرەی کارتۆنیی (ماڵباتی سیمپسۆنەکان) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، خەڵکانێکی زۆر، کەوتنەوەی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس بە پیلانێکی نادیار دەزانن و هەندێکیشان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە زنجیرەی فیلمەکارتۆنی "ماڵباتی سیپمسۆنەکان" لە ئەڵقەی 12 ی وەرزی 18 دا، پێشبینیی کەوتنەوەی ئەو ئاگرەی کردووە!.
لەو ئەڵقەیەدا، یەکێک لە پاڵەوانی زنجیرەکە بە ناوی جینیفر گارنەر. بە دەم گریانەوە دەڵێت: "ئاگرێکی گەورە لە سپرینگفیڵد کەوتووەتەوە و سەرجەم شارەکەی وێران کردووە؛ دەستەخوشکەکەم لە کاتی دیاریکراودا نەگەیشت، لە ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسدا سووتاوە."

هەر لەو ئەڵقەیەدا بارت، یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی زنجیرەکە دەڵێت: "ئاگرێکی گەورە لە لۆس ئەنجلس دەکەوێتەوە و بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵ ناکرێت."
دیمەنەکانی ئەو ئەڵقەیە، نیشانی دەدەن کە دارستان و گەڕەکەکانی لۆس ئەنجلس بە خێرایی دەسووتێن، پیاوانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانن، بەڵام سوودی نییە.

بەکارهێنەرانی تیکتۆک دەڵێن : "مەسەلەکە هەروا سادە نییە، ئاخر ئەوەی ئەمڕۆ لە لۆس ئەنجلس ڕوو دەدات، زنجیرەی سیپمسۆن ڕێک وەک خۆی، سووتانی دارستان و ماڵەکان، ڕەشەبای بەهێز و هەوڵ و تەقەللای پیاوانی ئاگرکوژێنەوەی پێشبینیی کردووە." 
خەڵکانێکی زۆر بڕوایان وایە زنجیرەی فیلمەکارتۆنیی سیمپسۆن، پێشبینی زۆر ڕووداوی سیاسیی و سروشتییان کردووە و زۆربەشیان هاتوونەتە دی.
یەکێکی تر لە بەکارهێنەرانی تیکتۆک نووسیویەتی: "وا باشترە ماڵباتی سیمپسۆن لە یەکێک لە ئەڵقەکانی زنجیرەکەدا پێشبینیی بەدیهاتنی ئاشتیی بۆ هەموو جیهان بکەن، ئاخر وا دیارە هەرچی ئەوان پێشبینیی بکەن، دێتە دی."