ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو پاڵپشتی خۆیان بۆ سووریا دووپات کردەوە

کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەورووپی و عەرەبی لەبارەی دۆخی سووریا
کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەورووپی و عەرەبی لەبارەی دۆخی سووریا

ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو، پاڵپشتی خۆیان بۆ سووریا لە هەموو بوارەکان دووپات کردەوە. لەلایەکی دیکە وەزیری دەرەوەی سعوودییە ڕایگەیاند: بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ڕیاز هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەردەوامی سزاکانی سەر سووریا ڕێگرە لەبەردەم خواستەکانی گەلەکەی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025 لە ڕیازی پایتەختی سعوودییە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ئەورووپی و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو لەسەر دۆخی سووریا کۆبوونەوە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا بە گشتی تاوتوێ کرا، هەروەها باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە کرا.

جاسم بدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو، پاڵپشتی ئەنجوومەنەکەی بۆ سووریا لە هەموو ئاستەکان دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لە پاشترکردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی سووریا کردەوە.

هاوکات داوای کرد، هاوکاری پێشکەشی گەلی سووریا بکرێت و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، داوای ئەوەشی کرد، ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان بکرێت. ئەمینداری ئەنجوومەنەکە جەختی لە گەرەنتیکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا، بەردەوامبوونی سزاکانی سەر سووریا دەبێتە ڕێگر لەبەردەم خواستەکانی گەلەکەی.

هاوکات گوتی: وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی، جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا کردەوە، هەروەها پێشوازیی لە هەنگاوە ئەرێنییەکانی ئیدارەی نوێی سووریا دەکەن.

بەرپرسانی ئەورووپی و عەرەبی لە کۆبوونەوەی ڕیازی پایتەختی سعوودییە

 

هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا

یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ لە برۆکسل بەڕێوە دەچێت، تاوتوێی لابردنی گەمارۆکانی سەر سووریا دەکات.

کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، پەیامێکی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، یەکێتی ئەورووپا بیر لە سووککردنی سزاکانی سەر سووریا دەکاتەوە نەک لابردنی. 

ئەمەش دوای ئەوە هات کە پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە، کە یەکێتی ئەورووپا هەوڵ دەدات دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا ڕازی بکات، کە بنکەکانی ڕووسیا لەسەر خاکی وڵاتەکە دابخەن.

هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سزاکان لەسەر  ئەو کەسانە دەمێننەوە کە هاوبەشن لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە کە تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە

ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆ درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی مانگی ڕابردووی شاری عەقەبەی ئوردنە لەبارەی دۆخی سووریا. هەروەها سووریا و ئیدارەی نوێی وڵاتەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بوونەتەوە، لەوانە هەڵگرتنی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا، کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان، داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن.