سێ هێڵی گەرمی پەیوەندی تایبەت بە پیسبوونی ژینگە دادەندرێت

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە، ڕێکارەکان بۆ ئەم مەبەستە توندتر دەکرێن.

یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دوای بڕیارەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێکارەکان توندتر دەکرێن و سەرجەم پاڵاوگەکان بە یاسایی و نایاسایی، پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکان نەبن دادەخرێن".

دڵشاد هیرانی گوتیشی: سێ هێڵی گەرمی پەیوەندی دادەندرێن بۆ ئەوەی هەر هاوڵاتییەک ئۆتومبیلێکی بینی دوکەڵ بڵاوبکاتەوە خێرا لەڕێگەی وێنە و ڤیدیۆ ئاگادارمان بکاتەوە، بەم جۆرەش ڕاستەوخۆ پێبژاردنی بەرانبەر دەکرێت.

دڵشاد هیرانی، ئاماژەی بەوەشکرد، هەزار و 200، مۆلیدەی نێو گەڕەک و کۆڵانەکان، زیاتر لە هەزار مۆلیدە فەرمانگە و بەڕێوەبەراتییەکانیش، ملیۆنێک و 135هەزار ئۆتومبێلیش لە شاری هەولێر هەن، ئەمانە هەمووی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگەی هەولێرە دروست کردووە، چەند لێژنەیەکی تایبەت لەسەریان پێک دەهێنرێت.