بە هۆی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسەوە ژمارەی مردووان زیاد دەکات

دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی لۆس ئەنجلسەوە مردوون، بۆ 24 کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات دەسەڵاتداران داوایان لە هەزاران دانیشتووی ویلایەتی کالیفۆرنیا کردووە دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
دەسەڵاتدارانی لۆس ئەنجلس ڕایانگەیاندووە، 58 هەزار باڵەخانە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە مەترسییان لەسەرە، هاوکات فەرمانی گواستنەوەی نزیکەی 153 هەزار کەس دەرچووە.
لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند "ڕۆژی دووشەممە، لە لۆس ئەنجلس هەموو قوتابخانە دەکرێتەوە."
سەرپەرشتیار ئەلبێرتۆ م. کارڤاڵۆ، دوێنێ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆی هەزار و 302 قوتابخانەی لە ناوچەکە، حەوت قوتابخانە بە داخراوی دەمێننەوە."
لا یونیفاید، دووەم گەورەترین ناوچەی خوێندنگەیە لە ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، خزمەت بە زیاتر لە 600 هەزار قوتابی دەکات لە باخچەی ساوایان تا پۆلی 12، هەروەها دەمامک بۆ خوێندکاران و مامۆستایان بەردەست دەبێت.
هاوکات کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی کردەوە، سەدان زیندانی لە کالیفۆرنیا لە هێڵەکانی پێشەوە، هاوکاریی ئاگرکوژێنەوەکان دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکە ، ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەندەق هەڵدەکەنن بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە.