هاوسەرۆکان و سێ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئاکدەنیز لە مێرسین دەستگیر کران

هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیز لە مێرسین، لەگەڵ سێ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوچەکە دەستگیر کران و بڕیارە لەسەر ئەم پرسە، سەرکردایەتیی دەم پارتی ڕاگەیەنراوێکی فەرمی بڵاو بکاتەوە.
هێزەکانی تورکیا هەر یەک لە هۆشیار ساریلدز و نووری ئاسلان، هاوسەرۆکانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین لە باکووری کوردستان، لەگەڵ چوار ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییان بە تۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و پێدانی هاوکاریی ماددی دەستگیر کردووە.
بەڵام بە گوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، دەرکەوتووە دەستگیرکراوەکان نەچوونەتە دادگا و ئامادەی بەردەم دادوەر نەبووە. هەربۆیە دادگا بڕیاری زیندانیی بۆ هاوسەرۆکانی شارەوانی و سێ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکە دەرکردووە و ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەشی ئازاد کردووە.
لقی مێرسینی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، هاوسەرۆکانی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئاکدەنیز، بە نایاسایی دەستگیر و زیندانی کراون، بەمەش پێشێلی دەنگ و مافی هاووڵاتییان کراوە.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە، سەرۆکایەتیی دەم پارتی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2025، ڕاگەیەنراوی فەرمیی لەسەر ئەم بابەتە بڵاو دەکاتەوە.