نەتەوە یەکگرتووەکان: ئالنگاری گەورە لە باکووری سووریا هەیە

گێر پێدرسن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا
گێر پێدرسن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا

نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی دەکاتەوە، ئیدارەی نوێی سووریا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر وڵاتەکەدا نییە. دەشڵێت: ئالنگاری گەورە لە باکووری سووریا هەیە.

گێر پێدرسن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا لە ڕیاز, ڕایگەیاند "ئیدارەی نوێی سووریا دەسەڵاتی بەسەر تەواوی وڵاتدا نییە."

پێدرسن ئــــاماژەی بــــەوەش کرد "هەرچەندە ئیدارەی ئێستەی سووریا دەسەڵاتی تەواوی بەسەر خاکی وڵاتەکەدا نییە، بەڵام جۆرێک لە سەقامگیریی هەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان هیواخوازە سەقامگیریی لە هەموو سووریا بێتە کایەوە."

نوێنەرە تایبەتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، گوتی: "ئالنگاری گەورە لە باکووری سووریا هەیە." باسی لەوەش کرد "دوای سێ مانگی دیکە لایەنەکانی سووریا دیالۆگێکی نیشتیمانی دەبەستن."

پێدرسن جەختی لەوەش کردەوە "ئاوەدانکردنەوەی سووریا پێویستی بە پاڵپشتیی بەپەلە و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەیە، هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر سووریا پێویستە کۆتاییان بێت."

ناوبراو، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "ئەگەری هەیە بڕیاری 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی پەیوەست بە سووریا هەموار بکرێتەوە، یان بڕیارێکی نوێ دەربکەین."