ئۆکرانیا هاوکاریی بۆ ئەمەریکا دەنێرێت

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پێشنیاری ناردنی ئاگرکوژێنەوە ئۆکرانییەکانی بۆ کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا کرد بە مەبەستی هاوکاریی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی  لۆس ئەنجلس.

زێلێنسکی ڕایگەیاند، وەزیری ناوخۆی ڕاسپاردووە "ئامادەکاری بکات بۆ بەشدارییی کارمەندانی فریاگوزاریمان لە بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا."

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، زێلێنسکی دەڵێت: "دۆخەکەی ئەوێ زۆر سەختە، ئۆکرانییەکان دەتوانن یارمەتی ئەمەریکاییەکان بدەن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک." ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەم هاوکارییە بە هەماهەنگی دەکرێت و 150 ئاگرکوژێنەوە لە ئێستاوە ئامادەن."

ڕۆژی یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، 24 کەس بەهۆی ئاگر کەوتنەوەکەی لۆس ئەنجلس مردن و تا ئێستاش ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس بەردەوامە.