گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران و ئەورووپا دەست پێ دەکەنەوە

دووشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2025، حوسێن پورفەرزانە، سەرۆکی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێرانی ڕایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەورووپا دەست پێ دەکەنەوە کە بەهۆی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاگیرابوو.
سەرۆکی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران گوتیشی: "گەشتە ئاسمانییەکان نێوان تاران و پاریس هەروەها چەند وڵاتێکی تری ئەورووپا لە 31ی ئەم مانگە دەست پێ دەکەنەوە"
حوسێن پورفەرزانە ئاماژەی بەوەش دا ''گەشتی ئاسمانی نێوان تاران و لەندەن هێشتا دەستی پێ نەکردووەتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین ئەویش بە زووترین کات دەست پێ بکاتەوە."
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024، یەکێتیی ئەورووپا بە تۆمەتی گواستنەوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، سزای بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا سەپاند.
بڕیارە ئەمڕۆ لە سویسرا، ئێران لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمی لەگەڵ هەر یەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆ ببێتەوە.