خەمیس خەنجەر: دەبێت دادپەروەریی لە نێوان ڕۆڵەکانی عێراقدا هەبێت

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیاده، ڕایگەیاند: دەبێت دادپەروەردیی لەنێوان ڕۆڵەکانی عێراقدا هەبێت.
دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیاده لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەشێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنە سیاسییەکان جێبەجێ نەکراون، دەبێت دەوڵەت ماڵی گەورەی تەواوی عێراقییەکان بێت."
خەمیس خەنجەر گوتیشی: پێویستە بژێوی ژیانی هاوڵاتییان پارێزراو بێت، نابێت مووچەی فەرمانبەران، بە تایبەتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ببڕدرێت و خوازیارین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
لەسەر بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد "هۆکانی دەستپێنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەکنیکین."
یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و کۆتا دیدار و کۆبوونەوەشی لەگەڵ خەمیس خەنجەر بوو.