مەشهەدانی: لەناو پەرلەماندا ناکۆکیی سەبارەت بە خشتەکانی بودجە هەیە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، گرنگە ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق هەبێت و پێویستە پەرلەمان یاسای بۆ دەربکات.
درەنگانی شەوی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕایگەیاند "لەناو پەرلەمانی عێراقدا ناکۆکی سەبارەت بەخشتەکانی بودجە هەیە، بەڵام لەم کاتەدا عێراق پێویستە ئەنجوومەنی فیدراڵی هەبێت و پەرلەمان یاسای بۆ دەربکات."
مەشهەدانی گووتیشی: "هەندێک یاسا هەن کە پێویستە دەنگیان لەسەر بدرێت لەوانەش یاسای لێبوردنی گشتیی، چونکە دەبێتە هۆی سەقامگریی ناوخۆی عێراق."
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا "گرنگە تەنها لە ڕێگەی حکوومەت و دامەزراوەکانەوە عێراق پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دروست بکات."