گەڕان بە دوای چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بەردەوامە

تاوەکو ئێستا چارەنووسی ژمارەیەک منداڵی ونبووی هەڵەبجە نادیارە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە هاوکاریی حکوومەتی عێراق  ئێران بەدوای چارەنووسیاندا دەگەڕێت.

سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، کرمانج عوسمان، ڕاوێژکاری وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "بڕیار وایە، لێژنەیەکی تایبەت بچێتە ئێران، بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، لە ڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەی. لیژنەکە نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێرانی تێدایە، بەڵام کاتێکی زۆری پێویستە."

لەسەر ئەم پرسە، دڵسۆزجەلال، سکرتێری بۆردی یەکلاکەرەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "211 منداڵی ونبووی هەڵەبجە، سەر بە 74 خێزان تا ئێستە نەدۆزراونەتەوە. 36 خێزان لە دادگای هەڵەبجە سکاڵایان تۆمار کردووە. 18 منداڵیش گەڕاونەتەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ونبووی هەڵەبجەن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 10 منداڵ بە خێزانەکانیان شاد بوونەتەوە و چوار منداڵ پشکنینیان بە ناڕاست دەرچوو، چارەنووسی چوار منداڵی دیکەش هێشتا ڕوون نەبووەتەوە."

وەک دڵسۆز جەلال باسی کرد "دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان پڕۆسەیەکی درێژە و ئاستەنگی زۆرە، بەڵام ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵانە."

لە 16ـی ئاداری 1988، لە ئەنجامی بۆمباران و کیمایایبارانی هەڵەبجە، ژمارەیەکی زۆری منداڵی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون و لەکەسوکاریان دابڕان.