زیاتر لە شەش هەزار تووشبووی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەن

ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان هۆیەکی سەرەکی تووشبوونی منداڵانە بە ئۆتیزم

لیژنەی باڵای تووشبووانی ئۆتیزم بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ژمارەی تووشبوانی ئۆتیزم ئاشکرا دەکات و هۆشداریی لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووان دەدات، لە کاتێکدا ئێستا زیاتر لەشەش هەزار تووشبووی تۆمار کراو، هەن. پسپۆڕێکی دەروونناسیش هۆشداری دەدات، کە گۆشەگیری و ئامێرە ئەلیکرۆنییەکان هۆیەکی سەرەکی تووشبونی حاڵەتەکەیە.

ناجی عەلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتی: " لە هەرێمی کوردستان، بە فەرمی سێ هەزار و 600 توشبووی ئۆتیزم هەن، بەدەر لەم ژماریەش دوو هەزار و 500 توشبووی دیکە لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم هەن."

هۆشداریشی دا  "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی تووشبووان لە زیادبووندان" گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی دروستمان لا نییە، چونکە بەشێکی زۆری خانەوادەکان منداڵەکانییان ناونووس ناکەن."

دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ

لە بارەی چۆنیتی کەمکردنەوەی تووشبوانی ئۆتیزم، ئەحمەد سەیدە، پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆ لە زانستی دەروونناسی، بۆ ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتی: "هۆکانی زۆربوونی ئۆتیزم جۆراوجۆرن، بەڵام گرنگترینیان بۆ ماوەییە، پێویستە دایک و باوکان بەر لەوەی بڕیاری خستنەوەی منداڵ بدەن، دەبێت پشکنینی پێشوەختە بکەن."

زیاتر ڕوونی کردەوە "لەکاتی دووگیانیدا بە هەمان شێوە، دەبێت ئاگاداری هەموو ئەو مەترسیانە بن، کە ئەگەری هەیە کۆرپەکەیان تووشی دەبێت، لەوانە ئۆتیزمە."

ئەحمەد سەیدە، باس لەوە دەکات: "ژینگەی منداڵ لەو کاتەی تەمەنی چەند مانگییە، پێویستە دایک و باوک، بە هەموو شێوەیەک دووری بخەنەوە لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، تاوەکو گەورە دەبێت و دەتوانێت ببێتە کەسێکی کۆمەڵایەتی."

هەروەها هۆشداری توندی دا لەوەی کاتێک دایکان و باوکان بەهۆی سەرقاڵییەوە یان بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا، موبایل، یان ئایپاد دەخەنە بەر دەستی منداڵەکانیان، ئەمەش دەبێتە هۆیەکی سەرەکی بۆ تووشبونی منداڵ بە ئۆتیزم.

گوتیشی: "تەنانەت لە گەورانیشدا، کەسی وا هەیە، تەمەنی لەسەرووی 18 ساڵییەوە، بەڵام لە کۆمەڵگە بە هۆی تێکەڵنەبوونی لە کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵاتییەکان دوورە پەرێزن، ڕەفتاری نا ئاسایی ئەنجام دەدەن و تووشی ئۆتیزم دەبن. "

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چی کردووە؟

ناجی عەلی، گوتی: "59 سەنتەری حکوومی و ناحکوومی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە، تەنیا لە کابینەی نۆیەم 43 سەنتەری تازە کراونەتەوە."

26ــــــی ئایاری 2021، بە ئامادەبوونی محەممەد فەلاحی، ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماراتی و ئەحمەد زاهری، کونسوڵی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەرێمى کوردستان، سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم لە شاری هەولێر کرایەوە.

لە 1ـی ئابی 2022، بۆ یەکەم جار لە شارۆچکە کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر سەنتەرێکی تایبەت بە تووشبوانی ئۆتیزم کرایەوە. 

لە 2ـی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دا لەسەر پشکنین و چارەکردنی منداڵانی ئۆتیزم لەسەرجەم نەخۆشخانە حکوومەتییەکان بەبێ بەرامبەر، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ھەماھەنگی و هاوکاری بکەن.

لە 31ـی کانوونی دووەمی 2022، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر خەرج کردنی 114 ملیۆن و 835 هەزار  دینار درا، بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی دایەنگەی شارۆچکەی حاجیاوە دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستیەکانی باڵەخانەكە کە خاوەنداریەتییەکەی بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە و تایبەت دەکرێت بە سەنتەری ئۆتیزم.

لە 15ـی ئەیلوولی 2022، لە مەراسیمێکی تایبەتدا بینای سەنتەری چارەسەری ئۆتیزم بۆ شیاندنەوەی تووشبووان و خاوەن پێداویستە تایبەتەکان کرایەوە،  بینای سەنتەرەکە لەلایەن بنەماڵەی شێخ عەلی شێخ عیزەدین دروست کراوە.