باخچەلی: ئەم لاپەڕە خوێناوییە دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت

سەرۆکی پارتی مەهەپە چەند پەیامێکی بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان دەم پارتی و  عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند و گوتی "هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ تیرۆریستان ناکەین؛ دەبێت پەکەکە بێ هیچ مەرجێک چەک دانێت''

سێشەممە 14 کانوونی دووەمی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند ''لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەبێت پرسی پەکەکە کۆتایی پێ بهێنرێت"

سەرۆکی پارتی مەهەپە ڕاشیگەیاند ''دەبێت لەو کۆبوونەوەیەدا بێ هیچ مەرجێک بڕیار لە چەککردنی پەکەکە بدرێت''

دەوڵەت باخچەلی، ئاماژەی بەوەش کرد ''هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ تیرۆریستاندا ناکەین. پەکەکە یان ئەوەتە چەک دادەنێن یانیش کۆتایی خۆیان دەبینن، ئەم لاپەڕە خوێناوییە دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت".

چەند سەرچاوەیەک لە دەم پارتی ئاشکرایان کردووە، بڕیارە لە 15 ئەم مانگە شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆ ببێتەوە.

ئەم لێدوانانەی دەوڵەت باخچەلی دوای کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردووی نێوان دەم پارتی و عەبدوڵلا ئۆجەلان دێت کە کۆبوونەوەکەی بە پێشهاتەیەکی ئەرێنی ناو برد.

هاوکات باخچەلی، لە 22 تشرینی یەکەمی 2024، لە پەرلەمانی تورکیا پێشنیازی پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکەی کرد و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش پێشنیازەکەی قبووڵ کرد.