"فڕێدانی" تەرمێک لە دەرەوەی نەخۆشخانەیەکی بەغدا هەرادەنێتەوە

K24 – هەولێر
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا پیاوێک هاواری لێهەڵساوە بۆ براکەی، بەهۆی "فڕێدانی تەرمەکەی" لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی.
گرتە ڤیدیۆییەکە کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیان لەلایەن پیاوێکەوە تۆمارکراوە، کە تەرمی براکەی نیشاندەدات لەکاتێکدا لەسەر قەرەوێڵەیەک لە دەرەوەی نەخۆشخانەی کیندی لە بەغدا دانراوە و، دەڵێ تەرمی براکەی فڕێدراوە.
ئەوەی ڤیدیۆکە تۆماردەکات، دەڵێ "بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە رەتیانکردەوە بەڵگەنامەی گیانلەدەستدان بدەنە، براکەم... ئەو ژنە پزیشکەی چاودێریی رەوشی براکەمی دەکرد، ئێرەی جێهێشت بۆیە رەوشی خراپ بوو و گیانی لەدەستدا".
لە ڤیدیۆکەدا بەشێکی نەخۆشخانەکە نیشاندەدرێت، پیاوەکە دەیەوێت بەوشێوەیە نیشانی بدات "نەخۆشخانەکە ستافی زۆر کەمە و خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن"، بۆیە داوا لە وەزیری تەندروستیی عێراق دەکات دەستوەردان بکات و رەوشەکە چارەسەر بکات.
مردنی ئەو پیاوە و دەنگدانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەکاتێکدایە، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، لەبەرزبوونەوەدایە و تائێستا زیاتر لە 29 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە هەزاریشیان بەهەمان هۆکار گیانیان لەدەستداوە.