ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتباری ڕاگەیاند
"هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ دابینکردنی ئارامی بۆ هاووڵاتییان"

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دەڵێت: 10 تۆمەتبارمان دەستگیرکردووە کە لەنێو شاری هەولێر چەند تاوانێکی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە.
سێشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، 10 تۆمەتبار دەستگیرکران کە لەنێو شاری هەولێر چەند تاوانێکیان ئەنجام داوە وەک؛ ڕێگریکردن، دزیکردن، تەقەکردن، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و هێرشکردنەسەر هاووڵاتییانی کاسبکار.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: بە پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ دابینکردنی ئارامی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاسایشی هەولێر، ژمارەی هێڵی گەرمی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان پێدانی زانیاری دەتوانن پەیوەندییان پێوەبکەن لە ڕێگەی ژمارە (066106) .
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت: هاووڵاتییان دەتوانن فایلی ڤیدۆ و زانیاری لەسەر واتسئاپ یان ڤایبەر لە ڕێگەی ئەم ژمارەوە (07502522728) بۆیان بنێرن.