ئومێد خۆشناو: ڕێکارەکانی پارێزگاری لە ژینگە خێراتر دەکەین

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ڕێکارەکانی پارێزگاری لە ژینگە خێراتر و توندتر دەکەن و چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەن.

سێشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: تەنها دوو پاڵاوگەی یاسایی لە هەولێر هەن، ئەوانی دیکە نزیکەی 200 پاڵاوگەبوون و هەنگاو بە هەنگاو دەست بە داخرانیان کراوە.

هاوکات باسی لەوە کرد، لەم کاتەدا هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و داخراون و کارەکانیان ڕاگیراون.

پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ وەزیرەکان لەپێناو پارێزگاریکردن لە ژینگە، ڕێکارەکانیان خێراتر و توندتر کردووە و چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەن کە ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە.