گۆتێرێز: عێراق ڕۆڵی لە سەقامگیری ناوچەکە هەبووە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا لە نیویۆرک، ستایشی ڕۆڵی سەرەکی عێراقی لە سەقامگیری ناوچەکەدا کرد، هاوکات فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە بایەخی دۆزینەوەی چارەی بەپەلە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوە، لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ نیویۆرک لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە."

لە دیدارەکەدا، ئەمینداری گشتیی پێشوازی لە "دەستبەکاربوونی عێراق بۆ سەرۆکایەتیی گرووپی 77 و چین" کرد، هەروها پیرۆزبایی لە وەزیری دەرەوە کرد بۆ ئەم بەرپرسیارێتییە، جەختی کردەوە "بایەخی گرووپەکە وەک هاوبەشێکی ستراتیجی لە پاڵپشتی کردنی کارنامەی لوتکەی داهاتوو."، ئەو گرووپە گەورەترین گرووپی حکوومەتەکانە لە نێو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1964 دامەزراوە، بۆ پشتیوانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان.

هەروەها گۆتێرێز "ستایشی ڕۆڵی عێراق لە پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوامی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بۆ پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکاندا کرد" و جەختی لە "پێویستی بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان و بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا" کرد.

لای خۆیەوە فوئاد حوسێن "سوپاسی ئەمینداری گشتیی کرد، بۆ هاوکارییە بنیاتنەرەکانی لەگەڵ عێراق، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) و دەستکەوتەکانی لە ماوەی ڕابردوودا کرد."

لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوە "ڕوونکردنەوەی وردی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە خستەڕوو"، ئاماژەی بە "نیگەرانیەکانی عێراق لەم قۆناغەدا کرد"، جەختی لە "بایەخی دۆزینەوەی چارەی بەپەلە بۆ قەیرانەکانی ئێستا کردەوە بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی زامن بکات". 

گۆتێرێز ستایشی ڕۆڵی سەرەکی عێراقی لە ناوچەکە کرد و بەتایبەتی سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا، فەڵەستین و لوبنان"، هەروەها جەختی کردەوە لە پاڵپشتی هەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا".

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment