پاڵاوگە نایاساییەکانی سێمێل داخران

دوای بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنووری دهۆک، قۆڵیان لە پاڵاوگە و کارگەکان هەڵماڵیوە و سەرجەم ئەو شوێنانەیان لە بڕیار و ڕێنماییەکان ئاگادار کردووەتەوە و هەر شوێنێک پابەندی پاک ڕاگرتنی ژینگە نەبێت، دایدەخەن.
مەحموود خەلیل، قایمقامی قەزای سێمێل ئەمڕۆ چوارشەممە15ی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: لە سنووری قەزای سێمێل نزیکەی 25 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون، دوای بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەمیان داخراون، داوایان لێکراوە بەشێوەیەکی یاسایی بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مۆڵەتی کارکردن وەرگرن.
مەحموود خەلیل باسی لەوەشکرد، 234 مۆلیدە لە گەڕەک و کۆڵانەکان سێمێل هەن و سەرجەمیان ئاگادارکراونەتەوە، دەبێت سیستمی بێدەنگی کارکردنی مۆلیدەکان و فلتەری تایبەت بۆ ئەگزۆزەکان دابندرێت، جگە لەمان ژمارەیەک کارگە هەبوون، هۆی پیسبوونی ژینگە بوون، سەرجەمیان دەبێت مەرجە ژینگەییان هەبیت، ئەمە جگە لەوەی پۆلیسی هاتوچۆ ئاگادارکراوەتەوە هەر ئۆتومبێلێکیان بینی دووکەڵ بڵاو بکاتەوە، پێبژاردنی بۆ بکرێت.
یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروربارزانی، بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان و چەندین بڕیار و ڕێنمایی نوێی دەرکرد، بۆ پاک ڕاگرتنی کەش و هەوای هەرێمی کوردستان.