ئەمەریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی بەرپەرچی هەڕەشەکان دەدەنەوە

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووتەوە، جەنەڕاڵ مایکل کوریلا، سەرۆکی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لەگەڵ لیوا هێرزی هێلڤی، سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی گرنگیان هەبووە.

لە پۆستەکەی بەرگری ئیسرائیل هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی چاودێری کردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دوایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کراوە"

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، دوو فەرماندەکە، لە کۆبوونەوەکەیاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی ناوچەکە کرد و باسیان لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، پلانێکیان داڕشتووە بۆ دوای شەڕی غەززە، کە ئیسرائیل ناچار بە کشانەوەلە کەرتی غەززە دەکات، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەی حەماسیش چیتر نەتوانێت، ببێتەوە هەڕەشە و مەترسی.

هاوکات، لە7ی کانوونی دووەمی 2025، براد کوپەر، جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سێنتکۆم لەگەڵ جەنەڕاڵ ئەمیر بارام، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لە ئیسرائیل کۆبوونەوە، دواتر سەردانی چەند بنکەیەکی هێزی ئاسمانییان کرد و گفتوگۆیان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشیاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.