عێراق نایهوێت ماددهی 140ـی دهستوور جێبهجێ بكرێت

بەشێکی زۆری خەڵکی کەرکووک پێیان وایە حکوومەتی عێراق ڕژد نییە و نایەوێت ماددەی 140جێبەجێ بکرێت.
بەگوێرهی بەدواداچوونێكی پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک تا ئێستا %20ـی قۆناغی یەکەمی ماددەی 140 بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە.
مام عومەر و مام یوسف، دوو هاووڵاتی بەتەمەنن هەردووکیان یەک بۆ چوونیان هەیە و دەڵێن: "حکوومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستانە و دەیەوێت هەرێم لاواز بکات"
عومەر كامەران، دانیشتووی كەركووك بە کوردستان24 دەڵێت: "کورد بەیەک مەرج دەیباتەوە ئەویش ببنە یەک، تاکوو کورد نەبێتە یەک سەرکەوتوو نابێت."
یوسف ساتی، کرێکار گوتی: "هیچ هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشچوونی ماددەکە نابینن".
ئۆفیسێک بۆ ماددەی "140" لە کەرکووک 18 ساڵە دانراوە، بەڵام کاری ئەمان تەنها دابەش کردنی چەکی قەرەبووە .
کاکە ڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی مادەی 140 لە کەرکووک دەڵێت: "حکوومەتی عێراقی خەڵکی کوردستانی بە بابەتی مووچەوە سەرقاڵ کردووە، تەنیا هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات، هەوڵی ئەوە نادات دەستوور جێبەجێ بکات".
ماددەی 140 سێ قۆناغە، یەکەم قەرەبونکردنەوە، پاشان ئاسای کردنەوە و دواتر سەرژمێری، بریار بوو کۆتایی ساڵی2007هەرسێ قۆناغەکەی جێ بەجێ بکرێت.
لەهەر سێ قۆناغەکەی ماددەی 140 ، تاکو ئێستا %20ـی قۆناغی یەکەمی مادەکە جێبەجێ نەکراوە. ئەگەر بەم هەنگاوانە بێ ئەوە بێشینی ئەکرێت کۆتایی 200 تەنها قۆناغی یەکەمی ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، قۆناغەکانی دیکەشی چارەنووسی نا دیارە.
لەو بارەیەوە دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی 140 و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی جێبەجێکاری ماددەی 140 لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ماددەی 140 تێنەگیشتووە، بە هێزە سیاسییەکانیشەوە.
ئەو دەڵێت: "ماددەی 140ـی دەستووری سێ قۆناغە؛ قۆناغی یەکەمی ناوی ئاسایی کردنەوەیە، ئەو قۆناغە هەمووی یاسای 57 ئیدارەی دەوڵەتە، باس لە گەڕانەوەی ڕاگوێزراوەکان دەکات، لە دەرکردن و قەرەبوو، دابەش کردنی زەوی بەسەر کوردەکانی کە دەرکراون، باس لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار و گەڕانەوەی موڵک و ماڵ و گۆڕانی دیمۆگرافیا، بەتایبەت لە کەرکووک دووز، کفری و کەلار، چەمچەماڵ کە گوێزراونەتەوە، دووز بۆ سەلاحەددین، کفری بۆ دیالە، چەمچەماڵ و کەلار بۆ سلێمانی دەکات"، ئەو یاسایە دەڵێت: "دەبێت هەموو ئەوانە جێبەجێ بکرێن ئینجا بچنە سەر قۆناغی دووە."
دەشڵێت: "قۆناغی دووەمی ماددەکە، ئامار گیرییە و قۆناغی سییەمیش ڕاپرسییە، لە قۆناغی ئاسایی کردنەوەکە چەکی قەرەبووی زۆر کراوە و خەڵکیش گەڕاوەتەوە، ئەوەی نەگەڕابێتەوە خۆی نەی ویستووە بگەڕێتەوە، بەڵام خاڵەکانی دیکەی ماددەکە ماوە."
دژوار فایەق باسی لەوە کرد کە "کێشە لەو بڕە پارەیە کە حکوومەتی عێراق دایناوە بۆ ماددەی 140، 200 ملیارە، 25 ساڵی دیکەی دەوێت تاکوو قەرەبوو تەواو دەبێت، هەر بۆیە بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە، من داوام کرد پارچە زەوی بدرێت بە خەڵکەکە، ئێمە نووسراومان کرد بۆ ئەنجوومەنی عێراقی لە جێگەی 10 ملیۆن یاخود 20 ملیۆن زەوی دابین بکرێت"، ئێمە "نیگەرانین لە حکوومەتی عێراقی، لای خۆمەوە قسەم لەگەڵ چەند لایەنێک کردووە یەکێک لەوانە هادی عامری، پێی گوتم ئەوە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارە، سەرۆک کۆماریش لە خۆتانە و کوردە، هەر بۆیە دووجار قسەم لەگەڵ سەرۆک کۆمار دەربارەی ئەو بابەتە کردووە لە کۆبوونەوەیەکی فراوان و لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیش دا."
دژوار فایەق ڕایگەیاند "چەند لایەنێک و ئیدارەی دەوڵەت کێشە لەبەردەم ماددەکە دروست دەکەن، بۆیە ئەو ماددەیە جێبەجێ ناکەن."