ئایدن مەعروف: پێشبینی دەکەم لە مانگی شوباتی ئەمساڵ کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم پێکبێت

وەزیری هەرێمی بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایگەیاند: پێکهاتەکان بەشداریی لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە.
چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕەوشی پێکهاتەکان لە هەولێر کرد.
هاوکات لە کۆبوونەوەکە ڕاوێژکارانی پێکهاتەکان لە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و حکوومەتدا بەشدار بوون، گفتوگۆیان لەبارەی مافی پێکهاتەکان و بەشداریپێکردنیان لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری هەرێمی بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: "بوونی پێکهاتەکان گرنگە و حکوومەتی هەرێمیش لە ماوەکانی ڕابردوودا بێ جیاوازی پشتیوانیی لە پێکهاتەکان کردووە."
باسی لەوەش کرد، لە ڕابردوودا ستەمێکی زۆر لە پێکهاتەکان کرا، ئەویش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان.
هەروەها لەبارەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، پێشبینی دەکات لە مانگی شووباتی ئەمساڵ کابینەی دەیەمی حکوومەت پێکبێت و، جەختی لە بەشداریی پێکهاتەکان لە حکوومەت کردەوە و گوتی: بەشدارییکردنیان هەنگاوێکی گرنگە.
ئایدن مەعروف لەبارەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ، دەڵێت: حکوومەتی فیدراڵ ستەمێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەستوور پێشێل دەکات.
باسی لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش کرد و سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، بە داخەوە پرسی مووچە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی کراوە. جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی عێراق زوڵمێکی گەورە لە هەرێم دەکات بە تایبەتی لە بابەتی ناردنی مووچەی مووچەخۆران.