ڕووسیا هێرشێکی گەورەی کردە وێستگەکانی وزەی ئۆکرانیا

کێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لە شەودا
کێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لە شەودا

بە دەیان مووشەک و درۆن لە یەک کاتتدا، ڕووسیا وێستگەکانی وزەی ئۆکرانیای وێران کرد.

چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕووسیا دەیان مووشەک و درۆنی ئاراستەی وێستگەکانی وزەی ئۆکرانیا کرد هەر ڕۆژێک دوای ئەوەی کێڤ ڕایگەیاند، گەورەترین هێرش دەکاتە سەر  کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەکی سووپای ڕووسیا و ناوەندەکانی وزە بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە دووری هێلەکانی پێشەوەی شەڕ.

هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا ئاشکرای  کرد، لە شەودا ڕووسیا 43 مووشەکی کرۆز و بالیستی و 74 درۆنی ئاراستەی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کردووە.

لەبارەی هێرشەکەی ڕووسیاش، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی  کردەوە، هێرشێکی دیکەی گەورەی ڕووسیا کرایە سەر ئۆکرانیا، ئێمە لە ناوەڕاستی زستانداین، ئامانجی ڕووسیا ئەوەیە لەو کاتەدا وزەمان لێ ببڕێت.

لە بەرامبەردا، وەزیری بەرگریی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: هێزەکانی ڕووسیا هێرشێکی زۆر وردیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی وزە کە هاوکاریی پیشەسازیی سەربازیی ئۆکرانیا دەکات، ڕاشیگەیاند: تەواوی ئامانجەکانیان پێکاوە.

هاوکات هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، 30 مووشەک و 47 درۆنیان لە هێرشەکەی ڕووسیا خستووەتە خوارەوە، زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش ئاماژەی بەوە کرد، توانیوویانە پارێزگاری لە سیستەمی وزە بکەن.