ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندیی وانەبێژانی خوێندنی باڵاوە دەدات

ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر چارەکردنی کێشەی قوتابییانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) کە لە وانەبێژییەوە بوونەتە گرێبەست.
چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر داواکاری قوتابییانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) کە وانەبێژن و فەرمانی بە گرێبەستبوونیان هەیە.
وەزارەتەکە دەڵێت: ئەنجوومەنی وەزیرانی دڵنیایی داوە، لەوەی قوتابییانی خوێندنی باڵا مافیان پارێزراو دەبێت و لە خوێندن بەردەوام دەبن تا کاتی تەواوکردنی پرۆسەکە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە دا، قوتابییانی خوێندنی باڵا دوای تەواوکردنی خوێندنەکەیان ڕێکارەکانی بە گرێبەستکردن و دەستبەکاربوونیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەو مەرجەی بە کردارەکی وانەبێژبووبن و مەرجەکانی دامەزراندن بە گرێبەستیان تێیدا بێت، واتە لە یەک کاتدا هەردوو مافى خوێندن و دامەزراندنیان پارێزراو دەبێت.