ئاوارە لوبنانییەکانی خانەقین گەڕانەوە وڵاتەکەیان

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان، ئاوارەکانی لوبنان لە عێراق دەستیان بە گەڕانەوە کرد، بەڵام بەشێکیان تاوەکو دوێنێ چوارشەممە، لەو خانەقین، مابوون.
پێنجشەممە، 16کانوونی دووەمی 2025، شيخ حسێن مەندەڵاوی، سەرۆکی لیژنەی پێشوازیی ئاوارەکان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "70 خێزانی لوبنانی کە ژمارەیان 200 کەس دەبوو، هاتنە شارۆچکەی خانەقین و جێگەی مانەوەیان بۆ دابین کرا. پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان، لە چەند ڕۆژی ڕابروو بەشێکیان گەڕانەوە."
شێخ حسێن، گوتیشی: "تەنیا 37 خێزان مابوونەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرجەمیان، لە ڕێگای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوە بۆ لوبنان."
تشرینی یەکەمی 2024، دوای ئەوەی حزبوڵلای لوبنان چەند مووشەکێکی بۆ سەر ئیسرائیل هاوێشت، سوپای ئیسرائیل هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەست پێ کرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی لوبنانی ئاوارە بوون و بەشێک لەوانە هاتنە عێراق.