باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە دیمەشق لە دوای 13 ساڵ جارێکی دیکە کرایەوە

هەڵکردنی ئاڵای ئیسپانیا لەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە دیمەشق
هەڵکردنی ئاڵای ئیسپانیا لەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە دیمەشق

بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، جارێکی دیکە ئاڵای ئیسپانیا لەسەر باڵوێخانەی وڵاتەکە لە دیمەشق هەڵکرایەوە و هاوکات ڕایگەیاند: شانازییە بۆ من کە ئێستا لە دیمەشقم.

پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025، باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە دیمەشق لە دوای 13 لە وەستانی چالاکییە دیپلۆماسییەکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بە فەرمی کرایەوە و ئاڵای وڵاتەکەی تێیدا بەرز کرایەوە.

لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی باڵیۆزخانەکەدا لە دیمەشق، کە خۆسێ مانوێل،  کە وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا تێیدا ئامادەبوو ڕایگەیاند: شانازییە بۆ من ئێستا سەردانی سووریام کردووە و لەم ڕێوڕەسمەدا ئامادەم.

هاوکات گوتی: هەڵکردنی ئاڵای ئیسپانیا لێرە دووبارە نیشانەی ئەو ئومێدەیە کە بۆ داهاتووی سووریا هەمانە.

نوێنەرایەتی دیپلۆماسیی ئیسپانیا لە مانگی ئاداری ساڵی 2012 دیمەشقی جێهێشت، ئەمەش نزیکەی ساڵێک دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا و خۆسییە مانوێل،  وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا 

سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا و وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا کۆبوونەوە

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا" بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا، پێشوازیی لە خۆسێ مانوێل، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا کرد.

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتی شاندێک سەرەتا سەردانی لوبنانی کرد و، لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری نوێی وڵاتەکە کۆبووەوە، دواتر لەوێوە سەردانی سووریای کرد.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەردانی شاندەکانی ڕۆژئاوا بۆ دیمەشق دێت کە بەرپرسانی باڵای فەرەنسا و ئەڵمانیا هاوکات ئەمەریکاش لەخۆ دەگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا پێش سەردانەکەی بۆ دیمەشق، بە کەناڵی فەرمی ئیسپانیای ڕایگەیاند، ئەو پەیامەی کە دەمەوێت بیگەینیم، پەیامێکە بۆ پاڵپشتیی لە سووریا.

لە دریژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، دەبێت ئاشتی لە سووریادا بەرقەرار بێت، سووریا دەبێت کراوە بێت بۆ هەموو لایەنەکان و مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا ڕەچاو بکرێت.